١٠ ئابی ٢٠٢٥
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە، پرسەکانی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داهاتی ناوخۆی هەرێم تاوتوێ بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاتژمێر 1:00ی دوانیوەڕۆ کۆدەبێتەوە، بەپێی زانیارییەکانیش، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تاوتوێی ئەو دوو ڕەشنووسە دەکرێت کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراون.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردن یان نەناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت ئەمڕۆ حکومەتی کاربەڕێکەر بڕی 120 ملیار داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکات.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستا هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ ناکۆکن و لەو دوو کۆنووسەی ئامادەکراون، هەردوولا پێداگرن لەسەر داواکارییەکانیان.