داوایەکی نوێ لە تەیف سامییەوە لەبارەی تەوتین

٩ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری دارایی عێراق داوا لە شاندی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەکات داتای 800 هەزار فەرمانبەری ڕادەست بكەن تاوەكو تەوتینی مووچەیان بۆ بكات.

بەپێی ئامارەكانی هەژماری من و وەزارەتی دارایی هەرێم، زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر هەژماری بانكییان لەناو پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ كراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویكردەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، داوای لە شاندی تەکنیکی هەرێم لە بەغدا کردووە کە وردەکاریی تەواوی ناوی ئەو فەرمانبەرانە پێشکەش بکەن کە لە پڕۆژەی بانکیى (هەژماری من) تۆمارکراون کە نزیکەی 800هەزار فەرمانبەر لەخۆدەگرێت.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری دارایی جەختی لە پێویستی گواستنەوەی ئەو داتایانە بۆ بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید کردووەتەوە بەمەبەستی تەوتین كردنی مووچەكانیان بەپێی ڕێكارە یاسایی و كارپێكراوەكان.