٧ ئابی ٢٠٢٥
کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوت، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێم راگەیاند و بڕیاریشە لەبارەی پرسی مووچەی مانگی شەش شاندێکی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە.
كۆمپانیای شاماران، کە کۆمپانیایەکی کەنەدییە و لە هەردوو کیڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ کار دەکات، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە لە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمهێنانی نەوت دەستیپێکردووەتەوە، بەشێوەیەک لە کێڵگەی ئەتروش بە تەواوی توانایەوە نەوت بەرهەمدەهێنێت، کە رۆژانە زیاتر لە 30 هەزار بەرمیلە، هەرچی کیڵگەی سەرسەنگیشە لە ئێستادا بە نیوەی توانایەوە بەرهەمهێنانی دەستپێکردووەتەوە.
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەسەر خاڵە ناکۆکەکان و پرسی مووچەی مانگی شەش کۆببنەوە، شاندەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ دیوانی چاودێری، داوایانکردووە 120 ملیارەکە تەنها بۆ مانگی شەش رادەستبکەن و لە مانگی حەوت و مانگەکانی تر کەمتر بدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مووچەخۆر و فەرمانبەرانی عێراق مووچەی مانگی هەشتیان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم تاکو ئێستا مووچەی مانگی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە.