"دۆلاری لیبی" دەستگیرکرا

٥ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

پۆلیسی سۆران رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ناسراوە بە "دۆلاری لیبی" و خەڵکی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکەوە هەڵخەڵەتاندووە و پارەی لێ وەرگرتوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوای بەدواداچوونەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران، دەرکەوت پەیجێکی تۆری کۆمەڵایەتیی 'تیکتۆک' خەڵکی هەڵدەخەڵەتێنێت بەناوی دۆلاری لیبی بلۆککراو، بۆ ئەم مەبەستە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سۆران بە رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم بابەتە کردەوە.

راشیگەیاند، توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (آ . آ . ص) دەست نیشان بکرێت، کە خەڵکی دەرەوەی شاری سۆران بووە و دەستگیری بکەن.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، دوای لێکۆڵینەوەکردن، تۆمەتبار دانی ناوە بەوەی کە چەندین خەڵکی هەڵخەڵەتاندووە و پارەی لێ وەرگرتوون.

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.