٥ ئابی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، رایگەیاند، ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە روویان لە زیادبوونە و لە سلێمانی لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5-8-2025، یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە روویان لە زیادبوونە و لە سلێمانی لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.
وتیشی، هەموو توشبووەکانی شێرپەنجە هی سلێمانی نین، واتا ئەوەی هەیە لە سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام مەرج نییە دانیشتووی سلێمانی بن، چونکە بەشێکیان دانیشتووانی خوارووی عێراق.
باسی لەوەشکرد، رۆژانە بەشێکی توشبووانی شێرپەنجە هەن، خۆیان لە دەرەوە بە خەرجییەکی زۆر دەرمان دەکڕن، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری تەندروستی، کار لەسەر خەرجکردنی زیاتری بودجە بۆ توشبووانی شێرپەنجە بکەن.
هاوکات، پسپۆڕانی تەندروستیی 10 رێگایان دەستنیشانکردووە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شێرپەنجە کە بریتین لە:-
1- خواردنی خۆراکی کەم چەوری:-
ئەو خۆراکانەی چەوریان زۆرە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات، ناوپۆشی منداڵدان و کۆڵۆن.
2- خواردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان چەند جارێک لە رۆژێکدا:-
خواردنی شیری کەم چەوری یان ماست بەشێوەیەکی رۆژانە دەبێتە هۆی دابینکردنی بڕی پێویست لە ماددەی کالسیۆم کە بە ماددەی دژە شێرپەنجە هەژمار دەکرێت بە تایبەت شێرپەنجەی ریخۆڵە ئەستورە.
3- خواردنی میوە و سەوزە:-
رۆژانە بڕی پێویست لە سەوزە، میوە و دانەوێڵەی تەواو و جۆراوجۆر بەکاربهێنە، چونکە مەترسی مردن بە شێرپەنجە بەڕێژەی ٪10 کەم دەکاتەوە.
4- خواردنی بڕێکی کەم لە گۆشتی ئاژەڵ (گۆشتی سوور):-
زۆرێک لە توێژینەوەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە زیادەڕەویکردن لە خواردنی گۆشتی سووردا هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی جۆگەی هەرس و پڕۆستات لەو کەسانەی زۆر بەکاریدەهێنن زیاد دەکات.
5- دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددە کحولییەکان:-
خواردنەوەی ماددە کحولییەکان هۆکاری سەرەکی تووشبوونە بە شێرپەنجەی مەمک، سورێنچک، کۆڵۆن، دەم و جگەر. بۆیە پێویستە خواردنەوەی سنووردار بکرێت چونکە هەتاکو بڕێکی کەمیشی توانای دروستکردنی مەترسی هەیە.
6- ئەنجامدانی پشکنینی پێش وەخت:-
چەند پشکنینێکی تایبەت بە مەبەستی زوو دەست نیشانکردن و ناسینەوەی شێرپەنجەکە ئەنجامدەدرێت، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی پێش وەختە هۆکارێکە بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە و چارەسەرکردنی بە زوویی وەک: پشکنینی خۆیی و پشکنینی تاقیگە.
7- وەرزشکردن:-
چالاکی جەستەیی مەترسی بۆ چەندین جۆری شێرپەنجە کەم دەکاتەوە، لەوانە شێرپەنجەی مەمک و کۆلۆن.
8- دوورکەوتنەوە لە دووکەڵی جگەرە و کێشانی جگەرە:-
جگەرە بۆ زۆرێک لە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە هۆکارێکی سەرەکییە، بەتایبەت هۆکاری سەرەکییە بۆ هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەی سییەکان.
9- پاراستنی پێست لە بەرکەوتنی بە تیشکی خۆر:-
تیشکی رۆژ بەتایبەتی لە وەرزە گەرمەکان و تایبەتتر لە کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی بۆ 4ی پاش نیوەڕۆ بە هۆکارێکی رێخۆشکەر و سەرەکی بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست دادەندرێت، بۆیە پێویستە دژەخۆر، کڵاو، چاویلکە و چەتر بەکاربهێندرێت.
10- راگرتنی کێشی لەش لە بارێکی تەندروستدا:-
کێشی لەش زیاد لەباری ئاسایی لە مرۆڤێکی پێگەیشتوودا مەترسی بۆ چەندین جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات، لەوانە شێرپەنجەی مەمک (لەتەمەنی بێئومێدیدا)، ناوپۆشی منداڵدان، پەنکریاس، کۆلۆن، و گورچیلە، هەروەها بۆ نەخۆشییەکانی تری وەک شەکرە و نەخۆشی دڵ.