ئیسرائیل لە غەززە هێرشی کردە سەر ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی و قوربانی لێکەوتەوە

٣ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

مانگی سوور ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای ڕێکخراوەکە یەکێک لە کارمەندەکانی گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی کە ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پاڵپشتیی دەکرێت، لە تۆڕی (ئێکس) بڵاوی کردەوە: "دوای ئەوەی هێزەکانی داگیرکەر بارەگای کۆمەڵەکەیان لە شاری خان یونس کردە ئامانج، کارمەندێکی مانگی سوری فەلەستینی شەهید بوو و سێ كارمەندی دیکەش برینداربوون ."

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرەکیی ڕێکخراوەکە لە غەززە ئاگر لە نهۆمی یەکەمی بینای ڕێکخراوەکە کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا کارمەندێکی ڕێکخراوەکە گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.

ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێکخراوی مانگی سوور، دوای دوو ڕۆژ دێت لە سەردانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاری لە غەززە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیاندنی خۆراک بە کەرتی غەززە.