شاری زێڕین لە بەغدا دروستدەکرێت

٣٠ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند: "شارێکى زێڕین لە بەغدا، بە ئامانجی بەنیشتمانیكردنی پیشەسازیی زێڕ و زێڕینگەریی لە ناوخۆی عێراق دروستدەکرێت".

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە: "وەزارەتیی ئابووری ئەو پێشنیازەی پەسەندكرد، كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە پێشكەشكرابوو بۆ دروستکردنى شارێکى زێڕ لە بەغدا، بە ئامانجی بەنیشتمانیكردنی پیشەسازیی زێڕ و زێڕینگەریی لە ناوخۆی عێراق".

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە: "شارەكە سیستمێكی یەكگرتوو لەخۆدەگرێت، كە یەكە پیشەسازییە تایبەتمەندەكان و سەنتەری راهێنانی پێشكەوتوو بۆ زێڕینگەریی بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لەخۆدەگرێت و دەبەسترێتەوە بە بۆرسەی جیهانییەوە".

هەر لەو بارەیەوە، ریاز فاخر هاشمی، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: "ئامانجی پڕۆژەكە پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و فراوانكردنی بەشداریكردنە لە ئابووریی نیشتمانیدا و بەشداریی دەكات لە گۆڕینی پایتەخت بۆ ناوەندێكی پیشەسازی و بازرگانیی زێڕ لە ناوچەكەدا".

وتیشی: "وەزارەتی بازرگانیی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی دەستیكردووە بە تەواوكردنی مەرجەكانی تەرخانكردنی زەوی و دەركردنی مۆڵەتی وەبەرهێنان، وەک ئامادەكارییەک بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە".

شاری زێڕین یەکێکە لە پیشەسازییە تایبەتمەندەكان و سەنتەری راهێنان، ئاڵوگۆڕی زێڕ و زێڕینگەریی لەخۆدەگرێت".