٢٨ تەمموزی ٢٠٢٥
حکومەتی عێراق لێبڕین لەسەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و لە مانگی حەوتەوە دەستپێدەکات و لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەی مانگی حەوتەوە دەبێت.
بەپێی یاسا لە عێراق 10٪ـی مووچەی مووچەخۆران دەبڕدرێت، بڕیارەکەش لە ساڵی 2014 بۆ 2024ـە و قەرزی 10 ساڵی ئەو لێبڕینەیە کە ئێستا لەسەر مووچەخۆرانە، بە شێوازی قیست و بە 36 مانگ وەردەگیرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان, وەزارەتی دارایی عێراق حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی ئاگادارکردووەتەوە، لێبڕینی 10٪ـی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکات، بۆیە لیستی مووچەی مانگی تەممووز لە هەرێمی کوردستان بەو شێوازە ئامادە دەکرێت.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، هەموو مووچەخۆرێک 10٪ـی مووچەکەی دەبڕدرێت و قەرزی 10 ساڵی ڕابردووشی کە لەو لێبڕینە کەوتووەتە سەری لێی وەردەگیرێتەوە، ئەو قەرزە بە 36 مانگ لە مووچەخۆران وەردەگیرێتەوە کە بەپێی مووچەی بنەڕەتی لێبڕینەکە جیاواز دەبێت.
ئەو لێبڕینە، هەموو مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی دەگرێتەوە، هەموو ئەو مووچانەش دەگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2024 بەر لێبڕین و پاشەکەوت کەوتوون و حکومەتی کاربەڕێکەر بەبیانووی پاشەکەوتەوە چەند مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی دابەشنەکرد.
ئەو بڕیارە لە مووچەی مانگی شەشدا جێبەجێ ناکرێت، بەڵام لە مووچەی مانگی حەوتەوە جێبەجێ دەبێت، واتە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیەکی دیکەش بەبێ ئەو لێبڕینە وەردەگرن.
لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا، 7٪ـی مووچەی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی دەبڕدرا، بەڵام لە عێراق بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی ئەو لێبڕینە 10٪یە.
