٢٢ تەمموزی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند: "ئیسرائیل نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە سووریا پارچە پارچە بکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، 22-7-2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ماوەی هەفتەیەکە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین، هەر لە سەرەتاوە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پێشهاتانەین کە لە باشووری وڵاتەکە روو دەدەن".
وتیشی: "ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی درووزەکان رووخسارێکی دەستێوەردانی پۆشی، هەروەها ماوەی حەوت مانگە دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی پشتیوانیکردنی گەلی سووریا هەڵوێستێکی بنیادنەریان نیشانداوە".
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "تەواوی کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن سووریا نەبێتە شوێنێک میوانداری تیرۆر بکات و نەبێتە سەرچاوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە تێکبدات کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی و ئاسایشە لە سووریا".
جەختیشی کردەوە: "ئیسرائیل نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە سووریا دابەشبکات بۆ چەند پارچەیەک".
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 19-7-2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیری لە پارێزگای سوەیدا راگەیاند، لەدوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە درووزەکانن.