دایکی وریا حەمە کەریم لەبارەی بڕینی مووچەی کوڕەکەی هاتە دەنگ

١٢ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دایکی رۆژنامەنووس وریا حەمە کەریم، لەبارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی بڕینی مووچەی کوڕەکەی روونکردنەوە دەدات.

حەمیدە حەسەن، دایکی رۆژنامەنووس وریا حەمە کەریم، لە لێدوانێکدا دەربارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی بڕینی مووچەی کوڕەکەی رایگەیاند: "کاک شاسوار مووچەی منداڵەکانی کوڕەکەمی نەبڕیوە و زۆرم پێ ناخۆش بووە کە ئەو هەواڵە بە ناوی منەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هەموو ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە".

ئاشکراشیکرد: "مووچەکەی وریا بەردەوامە و بەردەوامیشی دەبێت و هەر کات مووچەی هاوکارەکانی خەرجبکرێت مووچەکەی وریاش خەرجدەکرێت و رانەگیراوە".

جەختیشیکردەوە: "ئەو پەیجانەی بەناوی خەڵکەوە هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، قبوڵی ناکەم هیچ هەواڵێکی ناڕاست بە ناوی من و کوڕەکەمەوە بڵاوبکەنەوە ئەگەر نا دەرگای دادگایان لێ دەگرم".

وریا حەمە کەریم، رۆژنامەنووس و پەیامنێر، سەرلەبەیانى رۆژى 6-2-2025، بە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای عەربەت – سلێمانی، گیانی لەدەستدا.