بووکەڵەی لابوبو لە هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا

١٠ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر باس لەوە دەکات، جۆرە بووکەڵەیەک بە ناوی لابووبوو کە "بووەتە هۆی چەواشەکاری و بارگرانی خێزانەکان قەدەغەکرا، لە دوێنێوە 4000 بووکەڵە دەستی بەسەردا گیراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، ڕایگەیاند: “لەبەر دوو هۆکار بووکەڵەی لابووبوو لە هەولێر قەدەغەکراوە، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی چەواشەکاری و بارگرانی خێزانەکان و بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان باش نییە، نرخی بووکەڵەکانیش گرانن، یەک ڕەنگی خواستێکی زۆری منداڵانی لەسەرە، بۆیە خێزانەکان ناچارن چەند دانەیەکی بکڕن، تاوەکو ڕەنگی دڵخوازی منداڵەکانیان دەردەچێت.”

وتیشی: "هۆکاری دووەم بەهۆی شێوەی بووکەڵەکانە کە لەگەڵ داب و نەریتی کوردستان ناگونجێت، هەروەها یەکێتی زانایانیش ڕایگەیاندووە، ئەگەر بە مەبەستی شانس و بەخت گرتنەوە بێت حەرامە”.

بەڕێوبەری چاودێری بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر هەڵمەتێکی چڕیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بووکەڵەی لابووبوو دەستپێکردووە، "تاوەکو یەک بووکەڵە مابێت بەردەوام دەبین، “لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا، 4000 بووکەڵە دەستی بەسەردا گیراوە، حەوت دووکانیش سزادراون و کۆگایەکی بووکەڵەکەش داخراوە”.