٨ تەمموزی ٢٠٢٥
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، ئەنجامی تاقیکردنەوەی وزاریی خولی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە ئەپڵیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" لەسەر هەردوو سیستەمی کارپێکردنی Android و IOS بەردەستە.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، توانییان پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدا بەڕێوەبەرن و ئاگاداری سەرجەم قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (بە هەموو بەشەکانیەوە) دەکەنەوە کە لە ئێستادا ئەنجامی تاقیکردنەوەی وزاریی خولی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، لە ئەپڵیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" (e-halsangandn) لەسەر هەردوو سیستەمی کارپێکردنی Android و IOS بەردەستە.
راشگەیاند، کاتژمێر (10)ـی ئەمشەو، بەستەرێک (لینکێک) لە پەیجی فەرمیی وەزارەت دادەنرێت بۆ سەیرکردنەوەی پەڕەی سۆما (وەڵامەکان)، کە قوتابی دەتوانێت بە شێوازی دیجیتاڵی وەڵامەکانی خۆی و وەڵامی نموونەیی دروست سەیر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابی دەتوانێت لە قوتابخانەکان فۆڕمی پەڵپ (اعتراض) پڕبکاتەوە، لە رێکەوتی 9-7-2025 تاکو کۆتایی دەوامی فەرمیی فەرمانگەکان لە رێکەوتی 17-7-2025.