٧ تەمموزی ٢٠٢٥
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان، سوودی درەنگ شۆردنی منداڵی تازە لەدایکبوو و ئەو ماددەی کرێمییە سپییەی سەر جەستەی کۆرپەکە ئاشکرادەکات.
زینە فەرهاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لەدایکبووان، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لەگەڵ بوونی نەریتێکی کولتووری کە دەیانەوێت منداڵ بشۆرێت ئینجا بدرێتەوە دایک و باوک، بەڵام وا باشترە لایەنی کەم شەش کاتژمێر دوای لەدایکبوون، ئینجا منداڵەکە بشۆردرێت.
ئەو پسپۆڕە هۆکاری نەشۆردنەکەشی ئاشکراکرد و دەڵێت، منداڵی تازە لەدایکبوو ماددەیەکی کرێمیی سپی لەسەر جەستەی هەیە کە پێی دەڵێن (vernix caseosa) کە بایەخ و گرنگییەکی زۆری بۆ منداڵەکە هەیە وەکو:-
1- پلەی گەرمیی جەستەی منداڵەکە دوای لەدایکبوون بە جێگیری دەهێڵێتەوە.
2- وەکو شێدارکەرەوە کاردەکات بەمەش پێستی منداڵی تازە لەدایکبوو لە وشکبوون و شەقشەقبوون دەپارێزێت.
3- هەندێک مادەی سرووشتی تێدایە کە وەکو دژەبەکتریا وایە و منداڵەکە دەپارێزێت.
4- پەیوەندیی نێوان منداڵی تازە لەدایکبوو و دایک زیاتر دەکات کاتێک منداڵەکە راستەوخۆ لەسەر پێستی دایکەکە دابندرێت، بەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ سەرکەوتنی شیرپێدانی سرووشتی.