٦ تەمموزی ٢٠٢٥
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی رایانگەیاند، پێویستە مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی کاربەڕێکەر نەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6-7-2025، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەڵاحەدین پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کرد و باس لە بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا.
جەختیشیانکردەوە، پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و بە رەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی کێشەکان چارەسەربکرێن و مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی کاربەڕێکەر نەکرێت.
دووپاتیشیانکردەوە، پێویستە بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچەی هەرێم چارەسەر بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 65 رۆژە حکومەتی کاربەڕێکەر مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی دابەشنەکردووە.