٦ تەمموزی ٢٠٢٥
ڕێکخراوەکانی مەدەنیی سنووری ڕاپەڕین باس لەوە ، کۆچی نایاسایی گەنجانی سنوورەکە دەستی پێکردووەتەوە و درێژەی هەیە، تەنیا شەوی ڕابردوو لە قەڵادزێ 70 گەنج کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچی نایاسایی گەنجانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستی پێکردووەتەوە و تەنیا شەوی ڕابردوو لە قەڵادزێ 70 گەنج کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات کە ئێمە ئەو شەپۆلە بە "کۆڕەوی گەنجانی راپەڕین بەرەو وڵاتانی ئەوروپا" ناو دەبەین.
ئەوەشی خستەڕوو: "هەروەها بەقسەی یەكێك لە قاچاغچیەكان ئەم هەفتەیە 150 گەنج لە قەڵادزێ بە قاچاغ دەبەن بۆ هەندەران".
ڕێکخراوەکە ئامارێکی زیاتری کۆچی گەنجانی سنوورەکە دەخاتەڕوو باس لەوە دەکات، ماوەی مانگێکە 300 – 400 گەنجی ڕاپەڕین لە ڕێگای لیبیاوە کۆچیان کردووە، هۆشداریش دەدات لەمەترسیی ئەو ڕێگایە و ئاماژە بەوە دەکات: "ڕێگایەکی ناسەلامەت و پڕ مەترسییە بۆ گەنجانمان".
بەپێی زانیاریی ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، گەنجانی ئەم دەڤەرە بۆ گەیشتن بۆ بە وڵاتانی ئەوروپا دوو بۆ سێ دەفتەر دۆلار خەرج دەکەن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بێ ئەوەی گرەنتییەک هەبێت بە سەلامەتی بگەنە شوێنی مەبەست.
ڕێکخراوەکە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرپرسیاری یەکەم دەزانێت کە بە بەرچاویەوە سەدان گەنجی هەزاران گەنجی ئەم سنوورە و ناوچەکانی دیکە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، بێ ئەوەی جارێک لێیان بپرسێتەوە یان ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی کۆچی گەنجان بگرێتە بەر و لە ئاستیدا بێ باکە.
ڕێکخراوەکانی مەدەنی سنووری ڕاپەڕین، داوای گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پێشگرتن لەو شەپۆلی کۆچی گەنجان لە سنوورە و هەڵمەتی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانی ئەو سنوورە چڕتر بکرێتەوە کە گەنجان بە پارەیەکی زۆر و بێ هیچ گرەنتییەک دەپەڕێننەوە و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها بە دابینکردنی هەلی کار بۆیان هەوڵی کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان لەو سنوورە بدرێت.
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و هاوڵاتییانی سنوورەکە و پشتگوێخرانی لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین ڕێژەی گەنج تێیدا بەرەو وڵاتانی دەرەوە کۆچ دەکەن و ئامارەکانیش بەردەوام لە هەڵکشانن.