راگەیەندراوی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەوە

٦ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، رایگەیاند: "گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە کرد".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی نوێنەران، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لە کۆبوونەوکەی ئەمڕۆ، گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد.

هاوڕابووین لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک، بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن. کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە. جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.

هەروەها جەختمان لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەم راگەیەندراوەی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم، مووچەیان وەرنەگرتووە و لە دۆخ و گوزەرانێکی خراپدا ژیان بەڕێدەکەن.