گەنمی ماوەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت

٦ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، دەست دەکەن بە وەرگرتنی گەنمی ماوەی جوتیاران کە لەدوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراق دیاریکرابوو، بەمەرجێک گەنمەکە بەپێی (مواسەفات)ی عێراقی بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەرگرتنی گەنمی ماوەی جوتیارانی هەرێمی ڕاگەیاند و لەو بارەوە جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە کە دوای ڕەزامەندیی حکومەتی کاربەڕێکەر دەست دەکەن بە وەرگرتنی گەنمی ماوە بە مەرجێک، گەنمەکە بەپێی (مواسەفات)ی عێراقی بێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا ئەوەش هاتووە، بۆ هەر تەنێکی گەنمی پلە یەک نرخەکەی 550 هەزار دینار و بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تەنێک بڕی 525 هەزار دینار دیاریکراوە، پێویسته جووتیار پشتگیریی بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکان پێ بێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار کرابێت.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، وادەی پڕۆسەی وەرگرتنی جوتیارانی هەرێم، لە 15/7/2025ەوە دەست پێدەکات و ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت، شایستە داراییەکانی جووتیارانیش لەماوەی دوو مانگدا دابەش دەکرێت.

هەرێمی کوردستان، لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایە حکومەتی فیدڕاڵییەوە، لە سایلۆکانی عێراق تەنها 400 هەزار تۆنی بۆ دیاریکراوە کە ئەوەش لە ئاست بەرهەمی ناوخۆیی گەنمی هەرێم زیاترە و بووەتە جێگای نیگەرانیی جووتیاران.