ئێف 16 فڕۆکەیەک لەسەر یاریگای گۆڵفی ترەمپ دووردەخاتەوە

٦ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سوپای ئەمریکا بە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (ئێف 16) ڕێگریی لە فڕۆکەیەکی مەدەنیی کردووە کە چوبووە ئاسمانی یاریگایەکی گۆڵفی سەرۆکی ئەمریکا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای سوپاکە ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ڕێگای فڕۆکەیەکی جەنگیی (ئێف 16) ڕێگریی لە فڕۆکەیەکی مەدەنیی کردووە کە چوبووە ئاسمانی یاریگایەکی گۆڵفی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

لەکاتێکدا ترەمپ لەو یاریگایەدا خەریکی یاریی گۆڵف بووە، فڕۆکەیەکی مەدەنیی بەسەر ئەو یاریگایەدا فڕیوە و فڕۆکە ئێف 16ـەکەش لێی نزیک بووەتەوە و دووریخستووەتەوە و تاوەکو دەرەوەی یاریگاکە یاوەری کردووە.

یاریگاکە، دەکەوێتە شاری بێدمینستەر لە ویلایەتی نیوجێرزی. فەرماندەیی باکوری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە پێنجەم جارە سنووری یاریگەکە پێشێل دەکرێت و پێشووتریش ڕووداوی هاوشێوە ڕوویداوە.

فەرماندەییەکە باس لەوە دەکات، فڕۆکە جەنگییەکە بۆ ئەوەی فڕۆکەوانی فڕۆکە مەدەنییەکە ئاگادار بکاتەوە، لێی نزیکبووەتەوە و بە شێوەیەکی سەلامەت تاوەکو دەرەوەی ناوچەکە لەگەڵی ڕۆیشتووە.

فەرماندەیی باکووری سوپای ئەمریکا، هۆکاری دوورخستنەوەی فڕۆکە مەدەنییەکە کە بەسەر ئاسمانی یاریگای گۆڵفی سەرۆکی وڵات فڕیوە، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بۆ ماوەیەکی کاتیی فڕینی بە ئاسمانی ئەم یاریگایەدا قەدەغە کراوە.

هاوکات، کۆشکی سپی لەم بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەبووە.