٥ تەمموزی ٢٠٢٥
نزیکەی مانگێک تێپەڕیوە بەسەر قسەکەی وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کە وتی: ” ئەگەر ناچار بین دەتوانین بە داهاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابەش بکەین”، بەڵام تا ئێستاش کە چووینەتە مانگی حەوتەوە، هیچ باسێک لە مووچەی مانگی پێنج و شەش نییە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، قسەکەی وەزیری دارایی دروستە، چونکە ئەوان لە ساڵی 2024 و شەش مانگی ئەمساڵیش، یەک دیناری داهاتی ناوخۆیان بۆ مووچە خەرج نەکردووە، پاش لێدەرکردنی خەرجییەکانیش دەبوو سێ تریلیۆن و 311 ملیار دینار لە خەزێنەکەیدا بووایە.
دەشڵێت: "لە داهاتی نەوت دەبوو پاش لێدەرکردنی خەرجی کۆمپانیاکان ئەوان نزیکەی پێنج تریلیۆن و 600 ملیار دینار داهاتیان بدایە بە خەزێنەی گشتی".
دەشپرسێت: “سەیرەکە ئەوەیە وەک دەڵێن، لە کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی وتویەتی تەنها 160ملیار دینارمان لەبەردەستە”.