فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەداتەوە

٥ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەداتەوە لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردوو.

ئەمڕۆ شەممە، 5-7-2025، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، رەتی دەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین، بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە".

وتیشی: "داوا دەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکەشی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەتی فیدراڵی هەرگیز لەسەر حیسابی ئاسایشی هاوڵاتییانی عێراق سازش ناکات و دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بدات".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاڵنگارییە هەنووکەیییەکان پێویستیان بە هاوئاهەنگی و هاوکارییە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەوەک پەنابردن بۆ لێدوان و کەناڵەکانی راگەیاندن، چونکە ئەم کارە دەرفەت بە ناحەز و لایەنە دووژمنکارەکان دەدات بێ رێزی بە دامەزراوەکان بکەن و زیان بە سەقامگیریی عێراق بگەیەنن".

شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتووەتە خوارەوە، ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنە بەر.