هەڵوێستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی مووچەوە

٥ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "حکومەتی عێراق داوای کردووە هەرێم پابەندی بڕیارەکانی بێت و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەڵام حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەی مەسرور و قوباد رازی نین".

ئەمڕۆ شەممە، 5-7-2025، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکاندا حکومەتی عێراق داوای کردووە هەرێم پابەندی بڕیارەکانی بێت و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەڵام حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەی مەسرور و قوباد رازی نین".

وتیشی: "حکومەتی فیدراڵ داوای کردووە تەوتین دەستپێبکاتەوە و مووچەخۆران لە رێی بانکەکانی عێراقەوە مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن، بەڵام بەرپرسانی هەرێم رەتیانکردووەتەوە".

باسی لەوەشکرد: "بەپێی راپۆرتەکانی حکومەتی فیدراڵ، تێیدا هاتووە، کە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم 450 ملیار دینارە و لەو داهاتە حکومەتی فیدراڵ داوای کردووە 200 ملیار رادەستی بەغدا بکە، بەڵام بەوەش رازی نین".

ئاشکراشیکرد: "ئەمڕۆ حکومەتی فیدڕاڵ رەشنووسێکی ئامادەکردووە کە چارەسەری هەموو کێشەکانی هەرێمی تێدایە و چاوەڕواندەکرێت حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم واژۆی لەسەر بکات، تاکو لە رۆژی سێشەممەی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر بڕیاردرا لەسەر رەشنووسەکە و هەرێم نەوتەکەی رادەستکرد، هەمان رۆژ بەغدا راستەوخۆ مووچەی یەک مانگی مووچەخۆر و فەرمانبەران دەنێرێت و مووچەی مانگەکانیتریش بەدوایدا دەنێرێت".

دەشڵێت: "هۆکاری دیکەی رێکنەکەوتنی بەغدا وهەرێم ئەوەیە، کە حکومەتەکەی مەسرور و قوباد، بێ بەرپرسیارن و ناتوانن بەرپرسیارییەتی هەڵبگرن چونکە فاشل و دزن، دەیانەوێت لەسەر دزیکردن بەردەوامبن".

راشیگەیاند: "لە بەغداوە پێمان وتراوە حکومەتەکەی ئێوە دزە و لە جێی ئەوەی فشار لە ئێمە بکەن فشار لە حکومەتەکەی خۆتان بکەن".

جەختیشیکردەوە: "ئێمە وەک نەوەی نوێ هەموو کات لەسەر خەتین و خەڵکی خۆمان بەجێنەهێشتووە و هەموو کات لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و سکاڵای یاساییمان لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم حکومەتە فاشلە تۆمارکردووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی 65 رۆژ زیاترە مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە ژیانی هاوڵاتییان بە گشتی و مووچەخۆران بەتایبەت، لە دۆخ و گوزەرانێکی خراپدایە.