ئەمڕۆ کۆتا گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستادا ئەنجامدەدرێت

٥ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەرگریی شارستانیی سۆران، رایگەیاند، کۆتا هەڵمەتی گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستادا ئەنجامدەدەن و ئەگەر نەدۆزرایەوە بە فەرمی کەیسەکەی دادەخەن؛ باوکی ئاڤێستاش دەڵێت: "ئەگەر هیچ شوێنەوارێک نەدۆزینەوە 'نوێژی مردوو'ـی لەسەر دەکەین".

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سۆران، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، هەڵمەتێکی گشتگیر و چر بە بەژداری 100 کارمەند و ئەفسەر کە دابەش کراون بۆ 20 تیم، گەڕان دەکەن بەدوای دۆزینەوەی تەرمی مامۆستا ئاڤێستا، وەک کۆتا دەرفەت تاکو بتوانن تەرمەکەی بدۆزنەوە.

ئاشکراشیکرد، ئەم هەڵمەتە دەبێتە دواهەمین رۆژی گەڕانیان ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێتەوە بە شێوەیەکی فەرمی کەیسەکەی دادەخەن و کۆتایی دەهێنن بە گەڕان و پشکنینەکانیان.

یوسف بەرزنجی، باوکی ئاڤێستا، لە کۆتا رۆژی گەڕان بەدوای تەرمی کچەکەیدا، لە لێدوانێکدا دەڵێت: "بۆ ماوەی سێ مانگە لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران گەڕاوین بەدوای تەرمی ئاڤێستادا، بەڵام تاکو ئێستا هیچ شوێنەوارێکی ئاڤێستامان نەدۆزیوەتەوە".

وتیشی: "ئەمڕۆ کۆتا رۆژە لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستادا و تاکو ئێوارە ئەگەر هیچ شوێنەوارێک نەدۆزینەوە 'نوێژی مردوو'ـی لەسەر دەکەین".

مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ، لە 5-4-2025، لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی براکەی کەوتە ناو رووباری تەنگاتوور لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، لەو رۆژە بەدواوە هیچ شوێنەوارێکی ئاڤێستا نەدۆزرایەوە.