٣ تەمموزی ٢٠٢٥
ئەمریکا سزای بەسەر تۆڕێکی بازرگانیی عێراقدا سەپاند کە بە قاچاخ نەوتی ئێرانی فرۆشتووە و قازانجەکەشی بۆ سوپای ئێران چووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی بازرگانیی عێراقیدا سەپاندووە کە بە قاچاخ نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقەوە فرۆشتووە و بەهاکەی ملیاران دۆلارە و قازانجەکەی بۆ سوپای ئێران بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو تۆڕە بازگانییە لەلایەن بازرگانێکی عێراقییەوە بە ناوی (سەلیم ئەحمەد سەعید) بەڕێوەدەبرێت، لانیکەم لە ساڵی 2020ـەوە بە بڕی ملیاران دۆلار نەوتی ئێرانی کڕیوە و گواستووەتەوە کە بە ناوی نەوتی عێراق یان لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵکراوە و بەو شێوەیە فرۆشراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بازرگانە عێراقییە نەوتی ئێرانی تێکەڵ بە نەوتی عێراق کردووە و بە قاچاخ فرۆشتوویەتی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، جەختیش دەکاتەوە کە وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە بەئامانجکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران و فشاری ئابووری زیاتر دەکات بۆ ئەوەی "ڕێگا لە گەیشتنی ڕژێمەکە بەو سەرچاوە داراییانە بگیرێت کە بۆ کارە تێکدەرەکانی بەکاریان دەهێنێت".