٣ تەمموزی ٢٠٢٥
فڕۆکەیەک کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێکەوتبوو بۆ شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، بەهۆی تێکچوونی تەندروستی یەکێک لە گەشتیارەکانی ناچار بوو لە بوخارێستی پایتەختی ڕۆمانیا بنیشێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3/7/2025، لاوەند مەموندی، بەڕێوبەری کۆمپانیای فڵای ئەربیل لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: ''شەوی ڕابردوو گەشتێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی هانۆڤەر بەڕێکەوت، بەڵام لە ئاسمانی ڕۆمانیا گەشتیارێکی ناو فڕۆکەکە تووشی جەڵتەی دڵ بوو".
ڕاشیگەیاند: ''بۆ پاراستنی گیانی گەشتیارەکە، کاپتنی فڕۆکەکە بڕیاریدا لەنزیکترین فڕۆکەخانە بنێشێتەوە".
وتیشی، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە تیمی فریاگوزاری بوخارێست بە هاوکاری تیمی فڕۆکەکە، گەشتیارەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە و لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە، هەروەها دوای ڕووداوەکە و دواکەوتنی بۆ ماوەی 2 کاتژمێر، فڕۆکەکە دەستی کردەوە بە گەشتەکەی بۆ هانۆڤەر.