ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران لەبڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە

٢ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گونجاو نییە لە ئێستادا ئێران کارەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕابگرێت و پێویستە بەردەوام بێت لەکارەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، تامی برووس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرکۆنەی بڕیاری ئێرانی بۆ هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و بە "پەسەندنەکراو" ناوی هێنا.

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە وشەی پەسەندنەکراو بەکاردەهێنین کە ئێران بڕیاری دا هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕابگرێت، لە کاتێکدا کە دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ گەڕانەوە لە ڕێگاکەی و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی".

لەماوەی پێشوودا، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕاگرتووە، لەبەر ئەوەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئاژانسەکە بێهەڵوێست بووە، هەروەها تاران سەرۆکی ئاژانسەکەی بە سیخوڕیکردن بۆ ئەو وڵاتانە تۆمەتبار کردبوو.