٢ تەمموزی ٢٠٢٥
سەرۆککۆماری ئێران، بڕیارێکی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2-7-2025، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بڕیارێکی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرکردووە.
میدیاکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، بڕیارەکە بۆ رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە نێردراوە و داوایان لێکراوە، دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە بکەن.
بە پێی یاساکە، تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە گەرەنتی نەکرێت، رێگە نادرێت پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن.
چوارشەممەی رابردوو، 25ـی حوزەیرانی 2025، پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەندکرد.