خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای سلێمانی دژی پڕۆژەی رووناکی گردبوونەوە

١ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای سلێمانی دژی پڕۆژەی کارەبای رووناکی گردبوونەوە و دەڵێن، نرخی کارەبای پڕۆژەکە زۆر گرانە و لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 1-7-2025، خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، گردبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بە کوژانەوەی موەلیدە ئەهلییەکان نزیکەی 30 هەزار کەس بێکار دەبن.

ئاماژەیان بەوەشکرد، نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی زۆر گرانە و لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا نییە و بە کوژانەوەی موەلیدە ئەهلییەکان نزیکەی 30 هەزار کەس بێکار دەبن و چارەنووسیان نادیار دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاندبوو، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی شەش لە نێوان (7,750) بۆ (9000) دینار، دەبێت و ئەو موەلیدانەی كە دەكەونە سنووری پڕۆژەی رووناكی پێویستە پارەی موەلیدەكانیان پاكتاو بكەن، چونكە چیتر موەلیدەكانیان كار ناكەن.