نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی شەش دیاریکرا

١ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

کارەبای سلێمانی، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانی بۆ مانگی شەش لە نێوان (7,750) بۆ (9000) دینار، دیاریکرد.

ئه‌مڕۆ سێشە‌ممه،‌ 1-7-2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (40) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ناو شاری سلێمانی له ‌نێوان (7,750) بۆ (9000) دیناره‌، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (190 بۆ 230) کاتژمێر کاریان کردووە.

راشیگەیاند، سەبات بەو موەلیدانەی كە دەكەونە سنووری پڕۆژەی رووناكی و كۆتایی مانگی رابردوو بوون بە 24 كاتژمێری پێویستە پارەی موەلیدەكانیان پاكتاو بكەن، چونكە چیتر موەلیدەكانیان كار ناكەن.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ بۆ مانگى تەمووز (7) 24 کاتژمێری دەبێت، هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە ئەوان كاردەكەن.