فڕۆکەخانەی کەرکووک لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەو هاتەدەنگ

١ تەمموزی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

فڕۆکەخانەی کەرکووک ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان بۆ ناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانە کەسێک بریندار بووە، بەڵام هێرشەکان هیچ کاریگەرییان لەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانە نەبووە و گەشتەکان بەردەوامن.

شەوی دووشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەو بڵاو کردەوە و دەڵێت: کاتژمێر 11:30ی خولەکی ئەمشەو، سێ موشەک کە سەرچاوەکەیان نادیارە ئاڕاستەی شاری کەرکووک کران، دووانیان لە ناوچەی سەربازی و یەکێکیان لە ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانە کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگر لە چیمەنی نزیک دەروازەی فڕۆکەخانە کەوتەوە، بەڵام ئاگرەکە لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوکەوە کوژێنرایەوە.

باسی لەوەش کردووە: لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کەسێک بە سووکی بریندار بووە، هەروەها هێرشەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک نەبووە و گەشتەکان بەردەوامن.

جەختیش دەکاتەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و ئەو یەکانەی ئامادەبوون لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە، بە خێرایی وەڵامی ئەم هێرشانەیان دایەوە و هیچ مەترسییەکیش لەسەر فڕۆکەخانەی کەرکووک دروست نەبووە و گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوامییان هەیە.