حکومەتی کاربەرێکەر تەسلیمی داواکارییەکانی بەغدا بوو

٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر ئامادەیە پابەندیی یاسا و دەستوور ببێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیى حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەبەغدا، سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەند ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات: " حكومەتی هەرێم پابەندە بەگوێرەی یاسا و دەستوور سەرجەم كێشەكانیان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكەن".

لەو ڕاگەیاندراوەدا ئەوەش هاتووە: "فواد حسێن، جێگرى سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرى دەرەوەى عێراق لەگەڵ فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداد کۆبووەتەوە و ئەنجامی گفتوگۆکانى ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغداد و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی یاسا و دەستوور تاوتوێکردووە".

فارس عیسا جەختیشی کردووەتەوە، لە پابەندبوونى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم کێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا بەتایبەتیش پرسی مووچە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەگەڵ ڕادەستکردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ بە حکومەتی عێراق کە ئەمەش لە ڕێگای گفتوگۆى بونیاتنەر و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو حکومەت دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای دوو مانگ لە ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، لەئێستادا ئاماژەکان بۆ ئەوەن هەردوو حکومەت سەبارەت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی داهات گەیشتبنە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی و پێشبینیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا حکومەتی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدات.