لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە وادەی چارەسەر بوونی کێشەی مووچە ڕاگەیەندرا

٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، باس لەوە دەکات گفتوگۆی وەفدە دانوستانکارەکانی هەرێم و بەغدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوون و هەردوولا نزیکن لە ڕێککەوتن و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە دیدارێکیدا لەگەڵ (پاتریک دۆرێل) باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، ڕایگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان وەفدە دانوستانکارەکانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە چەند ڕۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە".

دەربارەی چارەسەری پرسی مووچەش، قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردووە: "گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت".

جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر دەربارەی کۆچی نایاسایش لە هەرێمی کوردستان پێی وایە، ڕێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شارو شارۆچکە کەمتر گەشەسەندووەکانە، بۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.