گەشەی دانیشتووانی عێراق تا ساڵی 2028 بۆ 49 ملیۆن کەس زیاد دەکات

٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی سەرژمێریی وەزارەتەکەیان بۆیان دەرکەوتووە تا ساڵی 2028 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ نزیکەی 49 ملیۆن کەس زیاد دەکات و زۆرینەی دانیشتووانی گەنجن و توانای منداڵ خستنەوەیان لە ئاستێکی بەرزدایە.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: "بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێری بۆمان دەركەوت، عێراق زۆرینەی دانیشتووانی گەنجن، توانای منداڵ خستنەوەیان لە ئاستێكی بەرزدایە، هەرچەندە بەراورد بە ڕابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە."

پێشبینی ئەوەشی کردووە، گەشەی ساڵانەی دانیشتووان بە ڕێژەی 2.4٪ بێت، بەوپێیەش تا ساڵی 2028 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بگاتە 48.9 ملیۆن كەس كە ئەمەش پێویستی بە گۆڕانكاری لە سیاسەت و بەرنامەكان هەیە.

وەزیری پلاندانانی عێراق هۆشداریش دەدات، ئەگەر ئامادەكاری بۆ زیادبوونی ئەم ژمارەیەی دانیشتووان نەكرێت، كێشەی گەورەی نیشتەجێبوون و دەستكەوتنی سەرچاوەكان درووست دەبێت، ئەمەش فشارێكی زیاتر دەخاتە سەر بەكارهێنانی سەرچاوەكان، دابینكردنی ژێرخانی ئابووری، و دڵنیابوون لە خزمەتگوزارییە گشتگیرەكان بۆ هەموو دانیشتووانی عێراق.