وادەی پڕکردنەوەی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراک درێژکرایەوە

٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند، بڕیاردراوە یەکی مانگی هەشت وەک کۆتا وادە سیستمی پڕکردنەوەی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراک درێژبکرێتەوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، بۆ زیاتر بەشداریی هاوڵاتییانی عێراق، بڕیاردراوە تاکو یەکی مانگی هەشت وەک کۆتا وادە سیستمی پڕکردنەوەی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراک درێژبکرێتەوە، لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکاریی هونەری و یارمەتی بۆ هاونیشتمانییان، لە بوونی هەر ئاستەنگییەک کە لە پڕۆسەکەدا هەبێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، لە چوارچێوەی پڕکردنەوەی پسووڵەی خۆراکدا لە ڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 33 ملیۆن کەس زانیارییەکانی خۆیان نوێکردووە و هاوڵاتییان بەشێوەیەکی کارا بەشدارییان کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە سیستمەکەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس، خۆویستانە ناوەکانیان لابردووە، بەوپێیەی بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە یاخود پسووڵەی خۆراک بەکارناهێنن و ماددە خۆراکییەکان وەرناگرن.