٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥
وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەمەودوا کاری قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگا سەرەکاییەکانی ناو شار بکەنە رۆژانی پشوو؛ وتیشی: "نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان، لە 90٪ لەسەر داهاتی شارەوانیی سلێمانی خۆیەتی".
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە دوای دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ شۆفێران، بڕیاریانداوە لەمەودوا کاری قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگا سەرەکاییەکانی ناو شار لە نێویشیدا شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، بکەنە رۆژانی پشوو، چونکە دەوامی فەرمی و فەرمانگە حکومییەکان نییە و فشار لەسەر شەقامەکان کەمترە.
وتیشی، بەگوێرەی پلانی پڕۆژەکان، شەقام و رێگاکان نۆژەندەکرێنەوە، بەڵام وەک شارەوانی زیاتر گرنگییان لەسەر رێگای سەرەکی و ئەو شوێنانەیە، کە زیاتر هاونیشتمانییان بەکاریدەهێنن.
ئاشکراشیکرد: "نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە شەقامەکان بودجەکەی هاوبەشە لە نێوان کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت، بە تایبەت پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەڵام قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان، لە 90٪ لەسەر داهاتی شارەوانیی سلێمانی خۆیەتی".
باسی لەوەشکرد، لەبەر هۆکاری قەیرانی دارایی و بارودۆخی دابەشنەکردنی مووچە، ناتوانن بە شەوان تیمەکانیان بهێننەوە سەر کار و کاری نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردن ئەنجامبدەن.
قیرتاوکردنەوەی شەقامەکان لە کاتێکدایە، ماوەی دوو مانگ زیاترە مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم، مووچەیان وەرنەگرتووە.