وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک درێژ دەکرێتەوە؟

٢٩ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

كەمتر لەهەفتەیەك لەبەردەم هاوڵاتییانی هەرێمدا ماوە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆمی خۆراك، هاوكات داوا لە وەزارەتی بازرگانی عێراق دەكرێت ماوەكە درێژ بكاتەوە، چونكە بەشێكی زۆری هاوڵاتییان بەهۆی قەرەباڵغی نۆرەی دەرهێنانی كارتی نیشتمانییەوە كە مەرجی سەرەكی پڕكردنەوەی فۆڕمەكەیە، نەیانتوانیوە فۆڕمەكە پڕبكەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاراس محەمەد، بەڕ‌ێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی سەبارەت بە درێژكردنەوەی وادەی دروستكردنی فۆڕ‌می ئەلیكترۆنی خۆراك رایگەیاند: "هەوڵدەدەین لەگەڵ بەغدا ماوەی پڕكردنەوەی پسوڵەی خۆراكی ئەلیكترۆنی كە رۆژی پێنجی مانگی داهاتوو وەك كۆتا رۆژ دیاریكراوە درێژبكرێتەوە، چونكە خەڵكێكی زۆر تا ئێستا فۆڕمەكەیان پڕنەكردووەتەوە".

وتیشی، هەر خێزانێك چەند ئەندامیان كارتی نیشتمانیان هەیە دەتوانن تەنها ناوی ئەو ئەندامانەیان لەفۆڕمە ئەلیكترۆنییەكەدا تۆمار بكەن، دواتر لەقۆناغی دووەمدا هەركاتێك ئەندامەكانی دیكەشیان كارتی نیشتمانییان دەرهێنا دەتوانن ناوی ئەوانیش بۆ فۆڕ‌می خۆراكەكە زیاد بكەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەداهاتوودا هەر خێزانێك فۆڕمی ئەلیكترۆنی نەبێت، ناتوانێت بەشەخۆراكی مانگانەی هەبێت، چونكە بەشەخۆراكی مانگانە پشت بەو فۆڕمە دەبەستێت و كار بە فۆڕ‌می كاغەز ناكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم ئەندامانی خێزانەكان لەناو فۆڕمەكەدا هەبن.

روونیشیکردەوە، پێش تەواوبوونی وادەكەی، فۆڕ‌مە ئەلیكترۆنییەكە پڕبكەنەوە، چونكە لە قۆناغی دووەم هەموو خزمەتگوزارییەكانی فۆڕ‌می ئەلیكترۆنی خۆراك پێویستە بەپارە و بۆ زیادكردنی هەر ئەندامێكی خێزانەكە پێویستە سەرۆك خێزانەكە بڕی 10بۆ 11هەزار دینار بدات.