نەوەی نوێ: پارتی لە دهۆک پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەمانی رفاند

٢٩ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک هێزێکی پارتی سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیان رفاند و بەرەو شوێنێکی نادیاریان بردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پارێزگای دهۆک هێزێکی پارتی سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیان رفاند.

ئاماژەیان بەوەشکرد: "ئەم کارە چەتەگەرییەی پارتی دوایی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە دێت لەسەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کە پرسیار دەکات ئایا ژیانی ئەو و پێشمەرگەیەک وەک یەکە".

باسی لەوەشکرد: "ئەو رەفتارەی پارتی کارێکی مافیاگەرییە کە پەرلەمانتار بڕفێندرێت، هەروەها مەسعود بارزانی نەک شایەنی ئەو رەخنانەیە کە (سیپان ئامێدی) لێی گرتووە، بەڵکو لەوەتەی هەیە خۆی و بنەماڵەکەی مایەی نەگبەتی میللەتی کورد و نەهامەتیەکانی خەڵکن، بە دزی و تاڵانی بنەماڵەکەیان گەلی کورد و خەڵکی کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندووە".