شوێنگرەوەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئاشکراکرا

٢٩ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رایگەیاند، بڕیاردرا بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود و شوێنگرەوەی لەلایەن دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆبووەوە و بڕیاریدا بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەکە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە.

راشیگەیاند، لیژنەکە بەگوێرەی مادەی (3/یەکەم و دووەم) لە یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی دادگای باڵای فیدڕاڵی کارەکانی کردووە؛ دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدڕاڵی وەک شوێنگرەوەی بەربژێرە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، نووسراو ئاڕاستەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، کراوە تاوەکو مەرسوومی کۆماری بۆ دامەزراندنی سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق دەربکات.