بەغدا بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر: داهاتی نەوت رادەست بکەن تاکو مووچە بنێرین

٢٨ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

شاندە تەکنیکییەکەی بەغدا لە هەرێم کۆتاییان بە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر هێنا و راپۆرتی خۆیان لەسەر خەرجی و داهاتەکان ئامادەکرد، بڕیاریشە سبەی یان دووسبەی شاندە باڵاکەی عێراق بێنە هەرێم پرسی نەوتی هەرێم و مووچە یەکلای بکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، شاندە تەکنیکییەکەی بەغدا لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم چەند داواکارییەکیان هەبووە لەوانە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، هەروەها بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکان لێکتێگەشتنی باش بووە و چاوەڕێن لەگەڵ شاندە باڵاکەی عێراق بگەنە ئەنجامێکی باش و کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بەپێی زانیارییەکان، بەغدا بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی راگەیاندووە، نەوت رادەستی سۆمۆ بکەن تا مووچە بنێرن.
شاندەکەی عێراق ئەوەشیان راگەیاندووە، ئەگەر نەوت رادەستبکرێت تاوەکو هەفتەی داهاتوو خەرجکردنی موچەی مانگەکانی پێنج و شەش یەکلای دەکرێتەوە و بەپێی زانیارییەکانیش هەرێم داوایکردووە 115 هەزار بەرمیل نەوتیان پێبدرێت و لە ناوخۆدا بەکاربهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی 60 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و بەهۆی سەرپێچییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بەغدا ناردنی مووچەی راگرتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش ئامادەنەبوو لە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەشبکات.