دۆناڵد ترەمپ چاوی لە بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵە

٢٨ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتێکی جیهانییە و لەلایەن لیژنەیەک لە ئەکادیمیای نەرویجەوە لە ئۆسلۆ دەدرێت بەو سەرۆک و کەسایەتییانەی لەجیهاندا ڕۆڵی کاریگەرییان بینیوە لە ئاشتیدا، دۆناڵد لەچەندین بۆنە و چاوپێکەوتندا دووپاتی کردووەتەوە شایستەی ئەو خەڵاتەیە چونکە هۆکار بووە بۆ وەستانی جەنگی ئیسرائل و ئێران.

لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ خۆی چەندین جار ڕایگەیاندووە شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵە بەهۆی ڕاگرتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم خەڵاتە کۆمەڵێک پێوەری هەیە لەئێستادا کە لەسەر ئەو بنەمایە خەڵاتەکە دەدرێت بە کاندیدی ئەو خەڵاتە، پێوەرەکانی ئێستای خەڵاتەکەش بەم جۆرەیە:

-کار بکات بۆ چارەسەری ناکۆکیی و ئاڵنگارییەکان بە ئاشتی.

-پشتگیریکردنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی.

-کارکردن بۆ چارەسەری کێشە جیهانیەکان وەک گۆڕانی کەشوهەوا.

-پشتگیری لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان.

-هەوڵی ئاشتیخوازی لە ناوچە ناکۆک و شەڕاویەکاندا.

ئەو لیژنەیەی خەڵاتەکە دابەش بکات لە پێنج کەس پێکهاتووە و ڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە هەڵدەبژێردرێن، لیژنەی نۆبڵ ساڵانە سەدان پیشنیازی جۆراوجۆریان پێ دەگات لە سەرۆک و کەسایەتییە جۆربەجۆرەکانی جیهانەوە تاوەکو کاندید بکرێن بۆ ئەو خەڵاتە جیهانییە.

دۆناڵد ترەمپ پێشووتریش لەساڵی 2021 لەلایەن یاساناسێکی نەرویجییەوە پێشنیازکراوە بۆ کاندیدکردنی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەڵام نەیتوانی بەدەستی بهێنێت و ئەمساڵیش لەلایەن سیاسەتمەدار و کۆنگرێسمانی ئەمریکی ( ئیێرل بەدی کارتەر) بەفەرمی پێشنیاز کراوە بۆ خەڵاتەکەی پێ بدرێت.

لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ جەنگی ئیسرائیل و ئێرانی ڕاگرت، بەڵام بەشێک لە سیاستەمەدار و ڕەخنەگرانی، پێیان وایە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا شایستەی ئەو خەڵاتە نییە، چونکە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە بەرامبەر کۆچبەرانی وڵاتەکەی پەیڕەو دەکات و ئەم کارەی ترەمپ وەک پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لێکدەدەنەوە.