ترەمپ: ئێران دەست بەپیتاندنەوەی یۆرانیۆم بکاتەوە بۆردومانی دەکەینەوە

٢٧ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دوای بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا لەجەنگی ئیسرائیل و ئێران بە پشتیوانی ئیسرائیل دژی ئێران و بنکە ئەتۆمییەکانی تارانی بۆردومان کرد، دوای وەستانی جەنگیش ترەمپ هۆشداریی دەداتە ئێران لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پیتاندنەوەی یۆرانیۆم بنکە ئەتۆمییەکانی بۆردومان دەکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران سەرکەوتوو بوو.

دەربارەی پرسی هێرشکردنەوەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ئەگەری ئەوەی، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان دەریانخست ئێران بەرێژەیەكی مەترسیدار یۆرانیۆم دەپیتێنێت، دۆناڵد ترەمپ وتی:" ئەگەر ئێران دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە بۆردومانی دەکەینەوە". دووپاتیشی کردەوە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

دەربارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەریان، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە: "سەرباری هەواڵە ساختەكان، پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران بەتەواوەتیی وێران بوون".

ترەمپ دەربارەی وادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڕاشیگەیاند: " پێموانییە بەمزووانە ئێران بگەڕێتەوە بۆسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی".