٢٧ حوزەیرانی ٢٠٢٥
وتەبێژی كۆمسیۆن، رایگەیاند، قۆناغی پێشكەشكردنی ناوی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات و بەم نزیكانە كۆمسیۆن پڕۆسەی وردبینی دەستپێدەكات.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، قۆناغی پێشكەشكردنی ناوی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات و بەم نزیكانە كۆمسیۆن پڕۆسەی وردبینی دەستپێدەكات، ئەمەش پێویستی بە كاتە بەهۆی زۆری ژمارەی كاندیدەكان لە سەرتاسەری عێراق.
وتیشی، وردبینی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە دروستی داتاكان، پێش ناردنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دڵنیابوون لە شایستەیی كاندیدەكان، ماوەی نوێكردنەوەی داتای دەنگدەرانیش بەهەمان شێوە كۆتایی هاتووە.
دەربارەی كڕینی كارتی دەنگدان یان دەستكاریكردنی بەڵگەنامەكانی كۆمسیۆن، جومانە غەلای، ئاشکرایکرد: "كۆمسیۆن سکاڵا لەسەر هەر كەسێك تۆمار دەكات، ئەگەر سەلمێندرا كە دەستی لە دۆسیەی كڕینی كارتی دەنگدەر یان دەستكاریكردنی بەڵگەنامەكانی كۆمسیۆن هەیە، هەروەها رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11-11-2025، وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكردووە.