٢٦ حوزەیرانی ٢٠٢٥
سوپای پاسدارانی ئێران، دەستگیرکردنی 26 کەسی ڕاگەیاند کە گومانی کاری سیخوڕی کردنیان بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ، 26 کەسیان دەستگیر کردووە کە سیخوڕییان بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کردووە.
بەرپرسانی ئێران باسیان لەوەش کردووە، هێرشەکەی ئەم دواییەی تەلئەڤیڤ دزەکردنە مەترسیدارەکانی هەواڵگریی ناو ئێرانی ئاشکرا کرد، ئەمەش وای لێ کردوون ڕێکاریی یاسایی توند بگرنەبەر بۆ دادگایکردنی ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرێت هاوکاریی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دەکەن.
تاران، مۆساد بەوە تۆمەتبار دەکات لە پشتی تیرۆر و بۆمبارانەکانەوە بووە، کە فەرماندە سەربازییەکان و زانا و دامەزراوە هەستیارەکانی ئەو وڵاتەیان پێکاوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە هەیە.
ئیسرائیل، لە 13ـی ئەم مانگەوە هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد و جەنگەکە 12 ڕۆژی خایاند، لە هێرشەکەدا شوێنە سەربازی، ئەتۆمییەکان و هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکان کرانە ئامانج و بەرپرسە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە کوژران.