٢٤ حوزەیرانی ٢٠٢٥
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی دوو رۆژ درێژکردەوە. دەشڵێت: "26ی ئەم مانگە کۆتا وادەیە و درێژ ناکرێتەوە".
بڕیارە لە بەرواری 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دوو رۆژی تر وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی درێژکردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاکو ئێستا هیچ حزب و لایەنێکی کوردیی بەفەرمی ناردنی لیستی ناوی کاندیدەکانی بۆ بەغدا رانەگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆن، لە مەرجەکانی خۆکاندیدکردندا، دەبێت کەسەکە عێراقی بێت و شایستەیی تەواوی هەبێت، تەمەنی 30 ساڵی تێپەڕاندبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت.
هەروەها دەبێت کاندید خاوەن ڕەفتاری باش بێت و بەتاوانی ئابڕووبەری یان گەندەڵی دارایی و ئابووری سزا نەدرابێت، هەروەها کاندید نابێت لەڕیزی هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بێت، نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بێت، نابێت ئەندامی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بێت لەم خولە و خولی پێشووتر.