پارێزگاری دهۆک: هیچ گۆشتێكی گوێدرێژ لە بازارەكاندا نیە

٢٦ تەمموزی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نوسینگەی پارێزگاری دهۆك ڕایگەیاند، بە هیچ جۆرێك گۆشتی گوێدرێژی لەقتونراو لە بازارەكاندا نیە، ئەمە لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوو باس لە هەبونی گۆشتی كەر و بەراز كرا كە تێكەڵە لەگەڵ گۆشتی مانگای لە قتونراو.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەریەكە لە نوسینگەی پارێزگاری دهۆك و چاودێری بازرگانی و كۆمەڵەی پاراستنی مافی بەكاربەر ئامادەبون، جەختیان لەوە كردەوە بابەتی هەبونی گۆشتی گوێدرێژ و بەرازی لە قتونراو لە بازارەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019 و هەر ئەوكات لێژنەكانی چاودێری بازرگانی و پارێزگاری دهۆك توانیویانە ئەو بازرگانە دەزگیربكەن، لە ئێستاشدا چاودێریەكانیان چڕتر كردۆتەوە بۆ رێگریكردن لە هەر بازگانێك كە گۆشتی خراپ هاوردە بكات.

هاوكات كاوە عەبدولعەزیز بەرپرسی كۆمەڵەی پاراستنی مافی بەكاربەر وتی، بابەتی هەبونی گۆشتی گوێدریژی لەقتونراو بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە كە باسم كردەوە، بەڵام هەندێك میدیا پرسەكەیان بە ئاراستەیەكی تردا بردووە.