٢١ حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاند: "تاکو ئێستا لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران کاری زۆر باشمان کردووە"؛ وتیشی: "لەگەڵ ئێران باوەڕم بە رێگەی دیپلۆماسی نییە".
ئەمڕۆ شەممە، 21-6-2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: "تاکو ئێستا لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران کاری زۆر باشمان کردووە و بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کراون، بەهۆی هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان تا دوو بۆ سێ ساڵ دواخستووە".
وتیشی: "لەگەڵ ئێران باوەڕم بە رێگەی دیپلۆماسی نییە، چونکە تاکو ئێستا هەر رێگەیەکی دیپلۆماسیمان گرتبێتەبەر شکستی هێناوە".
جەختیشیکردەوە: "هەموو هەوڵێک دەدەین لە هێرشەکاندا ئامانجەکەمان بەدەست بهێنین".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13-6-2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە، هێرشی کردە سەر خاکی ئێران.