ئەمریکا و چین لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بازرگانی نێوانیان رێکەوتن

١١ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

جێگری وەزیری بازرگانی چین، رایگەیاند، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی، وەزیری بازرگانی ئەمریکاش دەڵێت، پاش رەزامەندیی هەردوو سەرۆک، ئەو چوارچێوە گشتییە جێبەجێدەکەن.

لی چێنگانگ، نوێنەری بازرگانی و جێگری وەزیری بازرگانی چین، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی و لەو بارەوە زانیاریی دەدەنە سەرۆکەکانیان.

هاوکات، هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکاش رایگەیاند، بیرۆکەکە ئەوەیە هەردوولا بگەڕێنەوە و ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بۆ سەرۆکەکانیان باس بکەن، تاوەکو دڵنیابن لە رەزامەندییان.

ئەوەشی خسەڕوو، پاش رەزامەندیی هەردوو سەرۆک، ئەو چوارچێوە گشتییە جێبەجێدەکەن، کە لە گفتوگۆکانی دوو رۆژی رابردووی لەندەن کاریان لەسەری کردووە.

باسی لەوەشکرد، پرسی کانزا دەگمەنەکانی چین لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەم چوارچێوە گشتییەوە چارەسەر دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سێشەممەی رابردوو، چین و ئەمریکا قۆناغی دووەمی گفتوگۆ بازرگانییەکانیان لە لەندەن دەستپێکرد.