٦ حوزەیرانی ٢٠٢٥
لە رۆژەکانی جەژندا خواردن و خواردنەوەکان بەبڕێکی زیاتر دەخورێن، کەسانێکی زۆر لەم چەند رۆژەدا زیادەڕەوی لە خواردنی چەوری و شیرینیدا دەکەن، کە زیانی تەندروستی دەبێت و ئەگەری هەیە گرفت لە کاری کۆئەندامی هەرسدا دروست بکات.
ماڵپەڕی ئیمارات ئاماژەی بە چوار رێنمایی گرنگ کردووە کە پێویستە لە رۆژانی جەژندا پەیڕەوبکرێن بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستی.
یەکەم: رێکخستنی ژەمەکان:
لە یەکەم رۆژی جەژندا هەوڵبدە بگەڕێیتەوە بۆ سیستمی سێ ژەمی، بە جۆرێك ژەمی بەیانی بخورێت و لەم ژەمەدا گرنگی بە خواردنی تەندروست بدرێت، لە نیوەڕۆدا خواردنێکی دەوڵەمەند بە پرۆتین بخورێت و لە ئێوارەدا دەتواندرێت زەڵاتە یان ژەمێکی سووك بخورێت.
دووەم: خواردنەوەی شلەمەنی:
شلەمەنی زیاتر بخورێتەوە بەتایبەت ئاو، بەجۆرێك لە رۆژێکدا نزیکی سێ لیتر ئاو بخورێتەوە و ئەم بڕە ئاوەش دابەشبکرێت بەسەر 12 کوپ ئاو و بەدرێژایی رۆژەکە تا کاتی خەوتن بخورێتەوە.
سێیەم: کەم خواردنی شیرینی:
زیادەڕۆیی نەکردن لە خواردنی شیرینییەکان چونکە چەور و پڕ شەکرن، باشتر وایە لە هەر رۆژێکی جەژندا و لە کاتی جیاوازدا دوو یان سێ پارچە شیرینی بخورێت.
چوارەم: دووربکەوەرەوە لە هەندێك خواردنەوە:
دووربکەوەرەوە لە خواردنەوە گازیی و پڕ شەکرەکان، لە هەمان کاتدا بە گەدەی بەتاڵ قاوە و چای نەعنا مەخۆنەوە چونکە ترشەڵۆکی گەدە زیاد دەکەن و دەبنە هۆی تووشبوون بە دڵەکزە.