١ حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەریتانیا بڕیاری داوە ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە بکات، بەدیاریکراوی ئەو جۆرە ڤەیپانەی یەك جار بەکار دەهێندرێن و دوای تەواو بوونیان فڕێ دەدرێن. بڕیارەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵانی رابردوودا بەکارهێنانی ئەو ڤەیپانەی کە یەكجار بەکار دەهێندرێن، لەنێوان منداڵاندا سێ هێندە زیادی کردووە، بەشێوەیەك، کە لە %9ـی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 15 ساڵدایە، ڤەیپ بەکار دەهێنن.
جێرمی کیگەن، هاووڵاتیی بەریتانیا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت: "ئەمە بڕیارێکی باشە، دەبێت ڤەیپ بە گشتی قەدەغە بکرێت. کچەکەم قوتابییە و منداڵان لە قوتابخانە ڤەیپ دەفرۆشن، بۆیە دەڵێم دەبێت هەموو ڤەیپێك قەدەغە بکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی باشە".
بڕیاری قەدەغەکردنی ڤەیپ، ئامێرەکە لە بەریتانیا بەتەواوی بنبڕ ناکات و لە بازاڕی ڕەشدا دەست دەکەوێت. تەنیا لە ساڵی رابردوو، زیاتر لە یەك ملیۆن ڤەیپی قەدەغەکراو دەستیان بەسەر داگیراوە و رێژەی دەستبەسەرداگرتن %59 زیادی کردووە. بڕیاری ئەم دواییانەی قەدەغەکردنەکە ئەگەری هەیە ژمارەی ڤەیپ لە بازاڕی رەش زۆر زیاتر بکات.
هاووڵاتییانی بەریتانیا دەڵێن: "لەو بڕوایەداین ڤەیپ بکەوێتە بازاڕی رەشەوە، قەدەغەکردنی دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر بەکاری بهێنێت، چونکە خەڵك حەزیان لە کاری قەدەغەیە، هەروەها دەکرێت ڤەیپی ساختە بێتە بازاڕ و لە ماڵپەڕی گومانلێکراو بۆ فرۆشتن دابنرێت و ئەمەش مەترسیدارە".
تەنیا لە بەریتانیا، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی پێگەیشتوو ڤەیپ بەکار دەهێنن، بەریتانیا لەو بڕیارەی بۆ قەدەغەکردنی ئەو ڤەیپانەی یەك جار بەکار دەهێندرێن بەتەنیا نییە، پێشتر هەریەکە لە فەرەنسا، ئوسترالیا و تەنانەت عێراقیش قەدەغەیان کردووە.