٣٠ ئایاری ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "دڵنیان نیم لە خاڵی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نزیک بوونەوەتە یاخود نا"، وتیشی: "پابەندنی رێککەوتنێک دەبین کە سزاکانی سەر وڵاتەکەى تیادا هەڵگیرابێت و مافی پیتاندنی یۆرانیۆمى بۆ دەستەبەر کرابێت".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بڵاکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی: "هەرچەندە میدیاکان تاوەکو ئێستا قسە لەسەر رێککەوتنێکی نزیک لە نێوان تاران و واشنتن دەکەن، بەڵام دڵنیا نیم لەوەی کە نزیکین لەو رێککەوتنە یاخود نا".
ئەوەشی خستەڕوو، "رێککەوتن لەسەر مێزی دانوستان دەکرێت نەک لە رێگەی میدیاکانەوە".
راشیگەیاند: "وڵاتەکەی راستگۆیانە بەدوای چارەسەری دیپلۆماسییەوەیە کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بێت، بەڵام پابەندنی رێککەوتنێک دەبن کە سزاکانی سەر وڵاتەکەى تیادا هەڵگیرابێت و مافی پیتاندنی یۆرانیۆمى بۆ دەستەبەر کرابێت".
هەینی رابردوو، خولی پێنجەمی دانوستانە ناراستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەرێوەچوو.