٢٨ ئایاری ٢٠٢٥
شارەوانی هەولێر رایگەیاند، هەڵواسینی پۆستەر و رێکلام بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەهیچ جۆرێک رێگەپێدراو نییە و لە شاری هەولێر هەڵمەتی لێکردنەوەی پۆستەرەکان دەستیپێکردووە.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لەلایەن هەر شەش بەڕێوەبەراتییەکانی شارەوانی و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی و پۆلیسی شارەوانی، دەستکراوە بە هەڵمەتێکی فراوانی لێکردنەوەی پۆستەر و ریکلام و تابلۆ هەڵواسراوەکانی سەر شەقامە گشتییەکانی شارەکە.
دەشڵێت، ئەو رێكلام و پۆستەرانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی و هەڕەمەکی هەڵواسراون، تەواوی ستوون و دیوار و شەقامەکانی ناو شاری هەولێریان تەنیوە. بە بێ گوێدانە ناشیرینکردن و پیسکردنی ژینگە و شێواندنی بینینی شوێنە گشتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو کۆمپانیا و پەیمانگە و قوتابخانە ئەهلیانە ئاگادار دەکاتەوە، ئەگەر دووبارە ئەم رێکلام و پۆستەر و فلێکسانە بەبێ مۆڵەت دابنێنەوە، ئەوا رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.